السبت، 16 فبراير 2013

بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەهۆی ئەو هێزەوە یە كە لە خودی خۆیدا هەیە


مێژوونووسی ناودار دكتۆر "حسن موئنیس" كتێبێكی نووسیووە بەناوی (الاسلام الفاتح)، باسی كتێبەكەی ئەكات‌و ئەڵێ‌: ئەمە توێژینەوەیەكە لە مێژووی ئەو وڵاتانەی كە ئیسلام فەتحی كردوون لە رێگەی شتە جوانەكانی‌و هێزە زاتییەكەیەوە ، بۆ فەتحی ئەو وڵاتانە نە ئەسپ‌و نە سوپای بەكارنەهێناوە، جا نووسەر یەك بەیەك باسی بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە ئەو وڵاتانەدا ئەكات ‌و باسی سەرەتای چوونە ژوورەوەی ئیسلام بۆ ئەو وڵاتانە ئەكات، هەرچی گومان هەیە نایهێڵێ‌‌و قسەی هەموو ئەوانەش ئەداتە داوەوە كە وائەزانن موسڵمانان بۆ بڵاوبوونەوەی ئاینەكەیان هێزیان بەكارهێناوە، دكتۆر مۆنس (بەرەحمەت بێت) ئەڵێ‌: "لەسەردەمانی پێشوو موسڵمانان سیاسەتێكی داڕێژراویان نەبوو بۆ بڵاوكردنەوەی ئیسلام، كە چەند كەسێكی شارەزاو پسپۆڕ بێن‌و لەسەر بەرنامەیەكی پێشوەخت دەست بە بڵاوكردنەوەی ئیسلام بكەن، وەك چۆن نەصرانیەت لە رووی بەرنامەیەكەوە دینەكەیان بڵاودەكەنەوە، بۆ نموونە ئێمە ئەبینین كە بابەوییەتی كاسۆلیكی‌و هەموو ئەو رێكخراوە كەهەنوتیانەش كە هەن وەك: فەرنشەسكی ‌و دۆمۆنیكی‌و جزوێتی‌و هەروەها هەموو ئەو دەستە و شاندە پرۆتستانتیانەی كە ئامادە ئەكرێن بۆ كاری تەبشیر، ئەیانهێنن لە پەیمانگای تایبەت بەو كارە باش پەروەردەیان ئەكەن ‌و پارەی زۆریان بۆ تەرخان ئەكەن ‌و پاشان ئەیانێرن بۆ وڵاتە دوورەكان تا خەڵكی بانگ بكەن بۆ لای ئایینەكەیان بە شێوازێكی زانستی داڕێژراو كە هەوڵ ئەدەن قەناعەت بە خەڵكی بكەن ئەوەی ئەوان بانگەشەی بۆ ئەكەن راستییەكی حاشا هەڵنەگرەو پێویستە خەڵكی ئەم عەقیدەیە وەربگرێت، جاری وا هەیە ئەم كارە ئەگاتە ئەوەی كە ئەو موبەششیرانە بە تەواوەتی واز لە دونیا ئەهێنن‌و بەیەكجاری یەكلائەبنەوە بۆ ئەو كارە، ئەم حاڵەتەش بە روونی لەناو ئەو راهیبە مەسیحیی‌و بوزیانەدا هەندێ‌ جار ئەبینرێت.
لە ئیسلامدا شتی وانابنیین لەم سەردەمە تازانەدا نەبێت، ئەویش وەك كاردانەوەیەك بوو بۆ ئەو تەوژمە تەبشیرییە نائیسلامییەی كە خراوەتە كار، چار نەما لەبەردەم موسڵمانەكاندا ئەوەنەبێت ئەوانیش هەستن بە رێكخستنی كاری بانگەوازی‌و پێگەیاندنی پیاوانی بە توانای بۆ ئەوكارە، لەمە بەدەربێت، ئیسلام خۆی بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی خۆی! ئیسلام خۆی خەڵكی بەرەو خۆی بانگ كردووەو دڵی خەڵكی كەمەندكێش كردووە، ئەو خەڵكەش كە موسڵمان بووە دڵی بە ئیسلام خۆیدا چووە‌و پێی سەرسام بووەو ئیسلامی كردووە بەو رێگایەی كە لێوەی رەحمەت‌و هیدایەتی خوای پێ دەست بخات.
یەكێك لەو شتانەی كە چاو رادەگرێت ‌و داوای توێژینەوەی لێ دەكات ئەوەیە كە ئەو هێزەی لە خودی ئیسلام خۆیدا هەیە پەكی هەموو رێكخراوە تەبشیرییەكانی خستووەو ئەوەی سەلماندووە كە ئەو هێزە زاتییە زۆر كاریگەرترو بەكارترە لە ئەو هەمووە پارەو ماڵەی كە خەڵكی تر بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكانیان خەرجی دەكەن، ئیسلام بەو شێوەیە بڵاوبووییەوەو تا ئەهات مەودای فراوانتر ئەبوو، خودبەخود میللەت دوای میللەت ئەهاتنە ناوی هەر ئەوەندەی كە بانگەوازی ئیسلامیان پێ ئەگەیشت... وای لێهاتبوو، عەرەبە موسڵمانەكان كە وڵات دوای وڵات فەتحیان دەكرد ئیسلامیان ئەخستە بەردەستی خەڵكی ‌و ئیتر وازیان لێ ئەهێنان خۆیان لێی وردببنەوە، تا لەسەرخۆ قەناعەتیان بە شتە مرۆیی‌و باشەكانی ئیسلام بۆ دروست ئەبێت، ئەمە وای كردووە لە هەندێ‌ كە رقیان لە عەرەبە موسڵمانەكانە بڵێن: موسڵمانە عەرەبەكان مەبەستیان بڵاوكردنەوەی ئایینەكەیان نەبووە، بەڵكو جزیەوەرگرتن لە لایان زۆر لە ئیسلام خۆشەویستتر بوو!!... شتی تر لەو شێوەیە زۆر ئەبینی كە دوژمنانی ئەم میللەتە ئیسلامییە لە كتێبەكانیاندا ئەینووسن ‌و بڵاوی دەكەنەوە.
ئەم شێوازە یانی ئەوە نا كە عەرەبە موسڵمانەكان لە خەمی بڵاوكردنەوەی ئیسلامدا نەبوون، بەڵكو ئەوە پێڕەوی كردن بووە لە شێوازی بانگەوازی ئەو سەردەمە سەرەتاییە كە ئەویش ئەوەیە: دین بخەیتە بەردەستی خەڵكی خۆی ‌و ئیتر وازی لێ بهێنێ‌ ‌و ئازادی بكەی تا خواویستی لە هیدایەتدانی كێ‌ هەبوو هیدایەتی بدات.
یەكێك لەو شتە سەرسوڕهێنەرانەی لە وڵاتی میصرو ئەندەلوسدا روویان دا ئەوە بوو ئەم شێوازە باشترین شێواز بوو كە وای كرد خەڵكی بە لێشاو روو بكەنە ئیسلام، چونكە پێشتر وا فێر كرابوون كە هەركەس دەسەڵاتی پەیدا كردبێت بەسەر وڵاتدا زۆر لەسەر ئەوە مكوڕی كردووە كە خەڵكی بباتە ناو دینەكەی خۆی، ئەی باشە هۆی چییە ئەم عەربە موسڵمانانە زۆر لە خەڵك ناكەن بۆ ئەوە بچێتە ناو ئیسلام‌و هێز بەكارناهێنن بۆ ئەو مەبەستە؟! لە كاتێكدا كە پیاوانی هەردوو دەوڵەتی رۆمان‌و رۆم هێزیان بەكاردەهێنا بۆ ئەو مەبەستە؟!
"یولوج" كە راهیبێكی قورتوربییەو زۆر رقی لە ئیسلامە، ئەڵێت: "یەكێك لە فێڵا‌و تەڵەكەبازی عەربە موسڵمانەكان ئەوەبوو وایان پیشان ئەدا كە گرنگی بەوە نادەن خەڵك روو بكەنە ئیسلام، كە ئەمە وای كرد لە خەڵكی دڵیان لێ بدا بۆ ئەو ئیسلامە ‌و بگەڕێن و بزانن ئیسلام چییە، تا لەوە تێبگەن بۆچی ئیسلام لەناو عەربەكاندا هاتووەتە خوارەوەو لەناو خەڵكانی تردا نەهاتووتە خوارەوە، بۆیە خەڵكی بەردەوام بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەگەڕان ‌و پرسیاریان دەربارەی ئیسلام ئەكرد‌و بۆ تەفسیرەكەی ئەگەڕان تا وای لێ هات بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن هەمو موسڵمان بوون".
یوحەننا نەقبوسی راهیبی قیبتیش بەهەمان شێوە قسەیەكی بەم شێوەی (یولوج)ی هەیە ‌و زۆر داخ بۆ ئەوە ئەخوات كە عەرەبەكان پەنایان بۆ هێز نەبرد بۆ سەپاندنی ئیسلام، چونكە ئەگەر وایان بكردایە ئەوە قیبتییەكان زیاتر دەستیان بە عەقیدەی خۆیانەوە ئەگرت لە عینادیداو هەرواشە خەڵكی ئەو شتەی ناوێ‌ بەزۆر بەسەریدا بسەپێنرێ‌، هەربۆیە ئیسلام ئەم رێگە ئاسان‌و سانایەی دۆزییەوە بۆچوونە ناو دڵان لە میصرو لە ئەندەلوسدا.
تۆ كە هەوڵی ئەوە ئەدەی بكۆڵیتەوە لەوە چۆن چۆنی ئەقباتەكانی میسر موسڵمان بوون كە لە هەموو كەس زیاتر بە عەقیدەی خۆیانەوە گەردنگیر بوون، بەرادەیەك كۆمەڵا دوای كۆمەڵا شەهید ئەكران لەسەر دەستی سەرسەختەكانی رۆماندا لە نمونە (دەقلدیانوس)‌و یان لەسەر دەستی سەركەشەكانی رۆم لە نموونەی (قیرس)دا، بۆ ئەم پرسیارە هیچ وەڵامێكت دەست ناكەوێت، چونكە پرۆسەی چوونە ناو ئیسلام لەم دوو وڵاتەدا ـ میصرو ئەندەلوس ـ زۆر بە هێمنی‌و لەسەرخۆیی ئەچوو بەڕێوە: عەقیدەی ئیسلامی وەك جۆگەلەئاو نرا لەدڵی خەڵكەكە وەك چۆن ئاو ئەنرێت لە زەوی كشتوكاڵا‌و پاش ماوەیەك سەوز هەڵدەگەڕێت‌و ئەیكاتە بەروبووم بە مۆڵەتی پەروەردگاری.
لە وڵاتی (مەغریب)یشدا خیڵەكانی (بەربەر) سەرسامی ئەو هەمووە جوانییە بوون لە ئیمانی یەكێكی وەكو (عوقبەی كوڕی نافیع)‌و هاوەڵەكانیەوە، ئەو پیاوە كەسێكی ناوازەو هەڵكەوتەیە لە بواری خۆیدا، دەروونی خۆی پێشكەشی ئیسلام كردبوو، بەهەر سەرۆك خێڵێك ئەگەیشت ‌و ئەیدواندو بانگی ئەكرد بۆ لای ئیسلام خێرا باوەشی بۆ ئیمان ئەكردەوە و بۆ ئەوەی بەشانازییەوە ببێتە ئەندامێكی میللەتەكەی عوقبە‌و پاش ئەمیش هەموو خێڵەكەی بەشوێنییدا ئەڕۆیشتن.

یەكێك لەو دەرگایانەی كە ئیسلام لێوەی ئەچێتە ناو دڵان برتییە لە ئەو ساكاری‌و سەماحەت‌و مرۆڤدۆستییە كە هەیەتی، ئیسلام دڵئارامیی‌و خەیاڵڕاحەتی ئەداتە شوێنكەوتەكانی، دەرگایەكی فراوان‌و گەورە ئەخاتە سەرپشت بۆیان كە لێوەی لێبوردەیی‌و ئومێدو پاداشتی ئاخیرەتی ببینن، كە هەموو ئەمانەیان دەست دەكەوێت بەبێ هیچ بەرانبەرێك، كەچی لە ئاینەكانی تردا چەندین باجی دارایی‌و دیاری ‌و قوربانی سەربڕین‌و گوێلەمشتبوونی روهبان‌و قەشەكانی لەسەر فەرز ئەكرێت‌و چاودێری ئەخرێتە سەر ‌و سزا ئەدرێت ‌و بێبەش ئەكرێت لە نازو نیعمەتەكانی خوا بە بڕیارێك... هیچ شتێك لەمانە لەناو ئیسلامدا بوونیان نییە، ئالێرەوەیە كە دەرگای چوونە ناو دڵان ساناو ئاسان ئەبێت بۆ ئیسلامەتی..

خۆ رێچكەكانی تری ئیسلام ئەوە ئیتر لە هەموو زەویدا پەلی هاویشتووە، بە دڵنیاییەوە ئیسلام بە رێگەی وشكانی ‌و بە رێگەی دەریایی بە رێگەی شەڕو بە رێگەی ئاشیتیش هەموو شاخ‌و دۆڵێكی بڕیوەو ئەوەندەی رێگەو رێچكە دۆزیوەتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی كە بە خەیاڵی كەسدا نەهاتووە، تەنانەت كافرانیش بەشداربوون لە بڵاوكردنەوەی ئیسلامدا، لە نێوان رۆژهەڵاتناساندا پیاوێك هەیە ـ كە پاش كەمێك باسی لێوە دەكەین ـ ئامۆژگاری حكومەتەكەی خۆی وا دەكات لێبگەڕێ با ئیسلام بەناو خەڵكدا بڵاوببێتەوەو خەڵكی سەرقاڵا ببن پێوەی و واز لە بازرگانی ‌و پارە بهێنن بۆ ئەوەی هۆڵەندییەكان سەری تێ بكەن، سەیر ئەوەیە حكومەتیش ئەم پێشنیارەی ئەو جێبەجێ‌ ئەكات!
ئیسلام هەموو گۆڕەپانەكانی لە ئەندەنوسیادا گرتەوە ، بەرادەیەك كایەكانی ژیانی هەموو تەنی، جارێكیان شتێك روویدا، ئەوەبوو خێڵێك لە خێڵەكانی (وەنقارە) لە رۆژئاوای ئەفریقادا لە داخی خێڵە دراوسێكانیان بوونە موسڵمان، كە موسڵمان بوون كەوتنە ناو كامەرانی‌و خێروخۆشییەوە بۆیە خێڵە دوژمنەكەی بەرانبەریشیان هاتن‌و موسڵمان بوون!.. ـ بەهۆی خێری ئەم دوژمنایەتییەوە كە پاشان بوو بە برایەتی ‌و هاوڕێیەتی ـ ئیسلام توانی دوو سەد كیلۆمەتر جەنگەڵستانە ئیستوائییەكان ببڕێت كە خەڵكی تر زۆر بە زەحمەت نەبێت ناتوانێت ئەو جەنگەڵستانانە ببڕێت، ئەم خێڵە ـ كە وەنقارەئایا ی پێ ئەوترێ ـ بەسەرەتای خیڵەكانی داهۆمی ئەبژێرێت كە لەم رۆژانەدا چەندین دكتۆرو ئەندازیارو مامۆستاو دادوەریان تێدا هەڵكەوتووە، ئەم خێڵە هاتنە ناو ئیسلام بێ ئەوەی بزانن خوا چ بەختێكی بۆ نووسیوون كە لە رێگەی ئەم دینەوە دەستیان ئەكەوێت...

 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق